عێراق داشكاندنی بۆ نرخی نەوتی خاو بۆ مانگی تشرینی یەکەم بەرز دەکاتەوە بۆ ٣٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک
روونبين
“سومۆ”: کێبڕکێی نێوان وڵاتانی کەنداو وای لە هەندێک لە کڕیارانی نەوتی خاوی عێراق کردووە ڕوو لە دابینکەرانێک بکەن کە دابەزاندنی نرخی زیاتر پێشکەش دەکەن
کۆمپانیای دەوڵەتیی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سومۆ) بڕی نەوتی گرێبەستکراوی مانگی ئۆکتۆبەری بە دابەزاندنی نرخی تا ئیستای ٣٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەراورد بە نرخە پێوەرە هەرێمییەکان پێشکەشی کڕیاران کردووە.
داشکاندنی نرخەکان دەریدەخات کە چۆن عێراق لە کاتی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر لە هەندێک لە دراوسێکانی تووشی زەحمەتی بووەتەوە لە گواستنەوەی دەریاییدا، ئەوەش بەهۆی شوێنە جوگرافییەکەیەوە کە دوورترە لە گەرووی هورمز. لە سایەی نەبوونی کەشتیگەلێکی گەورەی تایبەت بە بەغدا، پەنا دەباتە بەر پێشکەشکردنی داشکاندنی زۆر بۆ هاندانی کڕیاران تا بەردەوام بن لە گواستنەوەی بەرمیلەکان لە ڕێگەی کەنداوی عەرەبییەوە، سەرەڕای بەردەوامی ئەو مەترسییانەی کە ڕووبەڕووی کەشتییەکان دەبنەوە.
داشکاندنی پێوانەیی لەسەر نەوتی خاوی بەسڕە
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق “سومۆ” نەوتی خاوی مامناوەندی بەسرەی بە داشکاندنی ٣٤.٥٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، و نەوتی خاوی قورسی بەسرەی بە داشکاندنی ٣٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە نرخە پێوەرەکە خستووەتە ڕوو، کە ئەم داشکاندنە بەپێی شوێنی مەبەستی هەناردەکردنەکە دیاری دەکرێت. ئەمەش بەپێی بەڵگەنامەیەکی سۆمۆ کە ڕێکەوتی ٢٩ی ئەیلولی لەسەرە، بارکردنی نەوت لە ١ی تشرینی یەکەمەوە تا ٣١ی تشرینی یەکەم دەگرێتەوە.
بۆ بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی پێوەر بریتییە لە ناوەندی نرخەکانی هەردوو نەوتی عومان و دوبەی. بارە نەوتییەکانی ئەوروپاش بەراورد بە نرخی رۆژی نەوتی برێنت دەبێت، لە کاتێکدا بارەکان بۆ ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوور پێوەری “ئارگۆس” بۆ نەوتی خاوی ڕێژە بەرزی گۆگرد بەکاردێنن.
لە مانگەکانی ئاب و ئەیلولدا، ئەو داشکاندنانەی سومۆ پێشکەشی دەکردن کەمتر بوون لە ٣٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
سومۆ: کێبڕکێی کەنداو لەسەر کڕیارانی نەوت
عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتی”سومۆ”، لە ٢٠ی سێپتەمبەردا -بەپێی گرتە ڤیدیۆییەک لە کەناڵی فەرمیی پەرلەمانی عێراق لە یوتیوب- ڕایگەیاند کە کێبڕکێی نێوان وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بۆ فروشتی نەوتەکەیان وای لە هەندێک لەو کۆمپانیایانە کردووە کە پێشتر نەوتی خاوی عێراقیان دەکڕی، ڕوو لە وڵاتانی دیکە بکەن کە داشکاندنی گەورەتر پێشکەش دەکەن.
کڕیارانی نەوتی خاو ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوەی نەوت لە سەرانسەری جیهاندا دەبنەوە، ئەوەش بەهۆی کەمیی بەردەستبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرە زەبەلاحەکان، کە واى کردووە هەندێک لە مامەڵەکان لە ڕووی ئابوورییەوە بێسوود بن.