وەزیری نەوت سەرۆکایەتیی شاندی عێراق دەکات لە کۆبوونەوەی ڕێککەوتنی چوارچێوەیی هاوکاریی نەوت و گازی لەگەڵ تورکیا
ڕوونبین
ئەندازیار باسام محەمەد خزر ئەلعەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی کرد لە کۆبوونەوەی بەرفراوانی تایبەت بە دەستپێکردنی دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنی چوارچێوەیی لەگەڵ تورکیا بۆ هاوکاری لە بواری نەوت و گازدا، کە ئەمڕۆ هەینی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لە بەرامبەردا، ئاڵپ ئەرسلان بایراکتار، وەزیری وەزەی و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا سەرۆکایەتیی لایەنی تورکی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا نەخشەڕێگەی پێشنیازکراو بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی دووقۆڵی لە پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتەکانی نەوت، گاز، پیشەسازیی پترۆکیماوی و بازرگانیی نەوت و گاز و وەزە تاوتوێ کرا، جگه لە بەدواداچوون بۆ ڕێگەکانی پەرەپێدانی چوارچێوەی کارکردن و هەماهەنگیی هاوبەش بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بکات.
ئامانج لەم کۆبوونەوە دەستپێکەی دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنە چوارچێوەییەکەی نێوان کۆماری عێراق و کۆماری تورکیا، دانانی بنەمایەکە بۆ هاوکاریی هاوبەش و فراوانکردنی مەودای هاوبەشی لە کەرتەکانی نەوت، گاز و وەزەدا.

شاندەکەی عێراق پێکهاتبوو لە نەسیر عەزیز جەبار، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان، لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کۆمپانیاکانی (سۆمۆ، نەوتی باکوور، پڕۆژە نەوتییەکان، و هێڵەکانی بۆڕی نەوت)، سەرەڕای بەڕێوەبەرە گشتییەکانی فەرمانگەکانی ئابووری، یاسایی، و گرێبەست و مۆڵەتە نەوتییەکان.
