لە دوای چەندین دەیە: عێراق بۆ یەکەمجار ڕاستەوخۆ خۆی نەوتەکەی بۆ دەرەوەی گەرووی هورمز دەگوێزێتەوە

کۆمپانیای کەشتیگەلی عێراق 2026-10-04 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

کۆمپانیای کەشتییەکانی نەوتی عێراقی (IOTC) گواستنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بۆ دەرەوەی گەرووی هورمز ڕاگەیاند بە بەکارھێنانی کەشتییەکی زەبەلاحی گواستنەوەی نەوت لە جۆری (VLCC)، و پرۆسەکەشی بە یەکەم هەنگاوی لەو جۆرە لە دوای چەندین دەیەوە وەسف کرد.

ئەم هەنگاوە نوێیە بە مانای گۆڕانکارییەکە لە سیستەمی فرۆشتنی نەوتی عێراق؛ لە بری ئەوەی نەوتەکە لە بەندەرەکانی بەسڕە لەسەر بنەمای پێشووی (FOB) ڕادەستی کڕیاران و کۆمپانیا دەرەکییەکان بکرێت و مەترسییەکانی جەنگیان بخرێتە سەر شان، ئێستا هەوڵی عێراقە بۆ ئەوەی خۆی ڕاستەوخۆ نەوتەکە بگوێزێتەوە بۆ دەرەوەی گەرووەکە.

عەلی قەیس عەبدولجەبار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کەشتییەکانی نەوتی عێراقی ڕایگەیاند کە ئامانج لەم کارە پێدانی نەرمی و ئاسانکاریی زیاترە بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە پرۆسەکانی فرۆشتندا، تاوەکو بتوانێت سود لە دەرفەت و نرخاندنی باشتر لە بازاڕە جیهانییەکاندا وەربگرێت.

ناوبراو ئاشکراشی کرد کە کۆمپانیاکەیان لە هەوڵ و گفتوگۆی بەردەوامدایە بۆ کڕین و خاوەنداریکردنی کەشتیی زەبەلاحی تایبەتمەند بە گواستنەوەی نەوتی خاو، بە مەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی کەشتیگەلەکەی و توانای کێبڕکێکردن لەگەڵ کۆمپانیا هاوشێوەکانی ناوچەکەدا.

ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدا دێت کە عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی ئابووری و ئەمنی بووەتەوە، لەکاتێکدا جەنگی ئێران ڕێڕەوی سەرەکیی هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی خستووەتە مەترسییەوە. هەروەها بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە عێراق مۆڵەتی لە ئێران وەرگرتووە تاوەکو کەشتییە نەوتکێشەکانی بە سەلامەتی لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕ ببن، کە بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەکانەوە ڕێڕەوەکە بە کردەیی ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە ببووەوە. هەروەها لە ڕێڕەوی   عومانیشەوە ئاسانکاری دەکرێت بۆ دەرچوونی کەشتییەکان لە گەرووەکە.

عێراق، دووەم گەورە بەرهەمهێنەری ئۆپێک، بۆ زیاتر لە ۹٠٪ی داهاتی دەوڵەت پشتی بە نەوت بەستووە. زۆربەی هەناردەکەی کە پێش جەنگ ڕۆژانە نزیکەی ۳.۳ ملیۆن بەرمیل بوو، لە ڕێگەی بەندەرەکانی بەسڕەوە لە باشوور و بە گەرووی هورمزدا تێپەڕدەبوو.

ئەم ڕێڕەوە ئاوییە تەسکە لە مانگی ئازارەوە بە هۆی  جەنگەکەوە بە کردەیی لەلایەن ئێرانەوە داخراوە و هاتوچۆی کەشتیگەل بەهۆی هێرشی مووشەکی و درۆن، بەرزبوونەوەی تێچووی دڵنیایی (تەئمین) و ڕووبەڕووبوونەوەی دەریاییەوە تاڕادەیەکی زۆر پەکیکەوتووە و وڵاتانی ناوچەکە لە ناویشیاندا عێراقی ناچار کردووە کە داشکاندنی زۆر بکەن بۆ فرۆشتنی نەوتەکەیان.

لە هەمان کاتدا بەغداد لە هەوڵدا بووە بۆ بوژاندنەوەی ڕێگە جێگرەوەکان — لەوانە گفتوگۆ بۆ دووبارە کردنەوەی بۆڕی عێراق-تورکیا لە ڕێگەی جەیهان و گواستنەوەی نەوت بە تانکەر بۆ سوریا — بەڵام ئەوانە تەنها بەشێکی زۆر کەم لە بڕی نەوتەکە دەگوێزنەوە.

کۆمپانیای کەشتییەکانی نەوتی عێراقی (IOTC)، کە لە هەشتاکاندا یەکێک بوو لە دەستەڵاتدارە گەورەکانی بواری کەشتیگەلی ناوچەکە و پاشان لە جەنگە یەکبەدوایەکەکاند بەشێکی زۆری وێران بوو، هەوڵی دووبارە دروستکردنەوەی خۆی دەدات.

خاوەنداریکردنی کەشتی زەبەلاحی VLCC بەغدا دەکاتە خاوەن کۆنتڕۆڵی زیاتر بەسەر سەرچاوەی سەرەکیی داهاتەکەیدا.​


بابەتە هاوپۆلەکان

هیچ هاوبەشیك نەدۆزرایەوە.