٢٢.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.. هەناردەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاستەکانی پێش جەنگی تێپەڕاند

2026-10-05 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

  • ٢٢.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.. هەناردەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاستەکانی پێش جەنگی تێپەڕاند
  • تێکڕای هەناردەکردن لە نێوان ئازاری ٢٠٢٥ تا شوباتی ڕابردوو گەیشتبووە ١٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

داتاكانی باركردنی ڕۆژی دووشەممە دەریانخستووە کە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لە چوار ڕۆژی هەفتەی کۆتایی مانگی ئەیلوولدا ئاستی پێش جەنگی تێپەڕاندووە، سەرەڕای هێرشەکان بۆ سەر ئەو کەشتییانەی لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕدەبن.

داتا سەرەتاییەکانی کۆمپانیای (کێپلەر) بۆ شوێنکەوتنی کەشتییەکان ئاشکرایان کردووە کە هەناردەی نەوتی خاوی ناوچەکە لە ٢٤ی ئەیلوول و لە نێوان ٢٧ بۆ ٢٩ی ئەیلوولدا ئاستی پێش جەنگی تێپەڕاندووە و ڕۆژانە لە نێوان ١٩.٥ ملیۆن بۆ ٢٢.٥ ملیۆن بەرمیلدا بووە.

تێکڕای هەناردەکردن لە نێوان ئازاری ٢٠٢٥ تا شوباتی ئەمساڵ، پێش دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ١٨ ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا.

داتاکان دەریانخستووە کە تێکڕای حەوت ڕۆژی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە یەکی تشرینی یەکەمدا گەیشتووەتە ١٨.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئەم ئامارانە تێپەڕبوون بە گەرووی هورمز و دەریای سور، و هەناردەکردن لە بەندەرەکان و پرۆسەکانی گواستنەوە لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی تر لە کەنداوی عومان دەگرێتەوە.

ژمارەی بارەکانی گازی سروشتیی شلکراوە (LNG) کە لە مانگی ئەیلوولدا لە گەرووی هورمزەوە چوونەتە دەرەوە، لە دوای مانگی شوباتە وە بۆ بەرزترین ئاستی مانگانە زیادی کردووە.
ئەم ئامارانە ئەو کەشتییانە ناگرێتەوە کە ڕەنگە  ئامێرەکانی ناردن و وەرگرتنی سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی کوژانبێتەوە لە کاتێکدا بە گەرووەکەدا  تێپەڕون بۆ ئەوەی دەستنیشان نەکرێن.

پێش هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران لە ٢٨ی شوباتدا، گەرووەکە بە شێوەیەکی ئاسایی ڕۆژانە پێشوازی لە نزیکەی ١٢٥ کەشتیی بازرگانیی گەورە دەکرد، لەوانە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، گازهەڵگرەکان، کەشتییەکانی باری بەکۆمەڵ و کەشتییە کۆنتێنەرهەڵگرەکان، کە نزیکەی ٢٠٪ی دابینکردنی ڕۆژانەی جیهانیی نەوتی خاو و گازی سروشتیی شلکراوەیان پێکدەهێنا.

هێرشکردنە سەر کەشتییەکان

بەڵام کۆمپانیای (ماریسکس)ی پسپۆڕ لە زانیارییەکانی کەشتیوانیدا لە ڕاپۆرتێکدا لە ڕۆژی شەممەدا ڕایگەیاندووە، هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز و دەوروبەریدا بەردەوام بوون، و لانیکەم زانیاری لەسەر حەوت ڕووداو دراوە.
کۆمپانیاکە هەروەها گوتی کە نەوتهەڵگری زەبەلاحی (کاظمة 3) لە یەکی تشرینی یەکەمدا لە کاتی کارکردنیدا لە گەرووەکەدا بە هێرشێکی نەناسراو پێکراوە، کە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە  کەشتییەکەدا.
ماریسکس گوتی: “زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەموو ئەندامانی دەستەی کەشتییەکە ساغوسەلامەتن و دواتر ڕزگارکراون.”
داتاکانی کێپلەر دەریانخستووە کە دوایین دەرکەوتنی نەوتهەڵگری (کاظمة 3) لە کاتی بەتاڵکردنی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی کوەیتی بووە لە بەندەری ڕاس مەرکەز لە کەناراوەکانی عومان لە ١٧ی ئەیلوولدا. کۆمپانیای کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کوەیت، کە خاوەنی کەشتیەکەیە.
دەستەی کردەوە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا لانیکەم ڕاپۆرتی لەسەر یەک هێرشی ڕۆژانە لە گەرووی هورمز یان کەنداوی عەدەن لە دووی تشرینی یەکەمەوە داوە.
ماریسکس ڕایگەیاندووە کە کەشتییە بازرگانییەکانی کە لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕدەبن بەهۆی زیادبوونی لەناکاو و زۆری ئەم دواییە لە جوڵەی کەشتیوانیدا، ڕووبەڕووی “مەترسی زیاتر و پێشبینی نەکراو” دەبنەوە.