قەدەغەی ڕووسیا و ئەگەری ڕێکارەکانی ئەمریکا؛ ئایا جیهان ڕووبەڕووی کەمیی دیزڵ دەبێتەوە؟
روونبین / ڕاپۆرتی شیکاریی وزە
درێژکردنەوەی قەدەغەی هەناردەی دیزڵ لەلایەن ڕووسیاوە تا کۆتایی تشرینی یەکەم، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی هەناردەی سووتەمەنیی ناوخۆیی، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بازاڕی وزەی جیهانی. بەمەش هەناردەی دوو لە گەورەترین دابینکەرانی دیزڵ لە جیهاندا کەوتووەتە ژێر مەترسییەوە.
- ڕووسیا: بەهۆی هێرشەکانی ئۆکراینا بۆ سەر پاڵاوگەکانی، قەدەغەی هەناردەی دیزڵی تا کۆتایی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ درێژکردووەتەوە. (ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٢٥دا ڕۆژانە ٨٠٥ هزار بەرمیل دیزڵی هەناردە دەکرد).
- ئەمریکا: دوای بەرزبوونەوەی پێوانەییی نرخ لە ناوخۆدا، ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی کەمکردنەوە یان قەدەغەکردنی تەواوەتیی هەناردەی دیزڵ دەکات (ئەمریکا لە ئابی ٢٠٢٦دا ڕۆژانە ١.٦ ملیۆن بەرمیل دیزڵی هەناردە کردووە).
- داواکاری لە ئەورووپا: واشنتن داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کردووە لە ماوەی ٦ مانگدا ١٢٠ ملیۆن بەرمیل لە کۆگا فریاگوزارییەکان دەربکات، بەپێچەوانەوە هەناردەکەی بۆ ئەورووپا ڕادەگرێت.
- هۆکاری بنەڕەتیی قەیرانەکە: شارەزایانی وزە جەخت دەکەنەوە کە کێشە سەرەکییەکە کەمیی نەوتی خاو نیست، بەڵکو کەمیی توانای پاڵاوتن و ڕێڕەوی ئارامی گواستنەوەیە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی قازانجی پاڵاوتنی دیزڵ لە ئەمریکا، ئەورووپا و ئاسیا بگاتە بەرزترین ئاست و نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببنەوە.
درێژکردنەوەی قەدەغەی هەناردەکردنی دیزڵ لەلایەن ڕووسیاوە تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی ڕێگری لەسەر هەناردەی سووتەمەنی، بازاڕی بەرهەمە نەوتییەکانی خستووەتە ژێر گوشارێکی توندەوە. بەیەکگەیشتنی ئەم دوو هەنگاوە هەڕەشەی سنووردارکردنی دوو لە گەورەترین سەرچاوەکانی دیزڵی جیهان دەکات، لە کاتێکدا بازاڕەکە لە بنەڕەتدا بەدەست وەستانی پاڵاوگەکان و ئاڵۆزیی ڕێڕەوەکانی گواستنەوەوە دەناڵێنێت.
مۆسکۆ لە ٣٠ی ئەیلوولدا درێژکردنەوەی قەدەغەی هەناردەی دیزڵی بەرهەمهێنەرانی تا کۆتایی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ ڕاگەیاند، دوای ئەوەی پرۆسەکانی پاڵاوتن بەهۆی هێرشەکانی ئۆکرایناوە زیانیان بەرکەوت. ئەمەش لە کاتێکدایە ڕووسیا پێش قەیرانەکە دووەم گەورەترین هەناردەکاری دیزڵ بوو لە جیهاندا دوای ئەمریکا؛ بەپێی داتاکانی دامەزراوەی “ستاندارد ئاند پوورز گلۆباڵ”، هەناردەی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتبووە نزیکەی ٨٠٥ هزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لە لایەکی ترەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، تاوتوێی لە چەند بژاردەیەک دەکات —کە لە کەمکردنەوەی ئارەزوومەندانەی هەناردە و سەپاندنی ڕێگریی بەشێک دەستپێدەکات تا دەگاتە قەدەغەی تەواوەتی— ئەمەش دوای ئەوەی نرخەکانی دیزڵ لە ناوخۆی ئەمریکادا گەیشتنە ئاستێکی پێوانەیی. ئەمریکا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە ڕۆژانە نزیکەی ١.٥ ملیۆن بەرمیل دیزڵی هەناردە کردووە، و لە مانگی ئابی ڕابردوودا بە تۆمارکردنی نزیکەی ١.٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا ئاستێکی پێوانەیی بەدەستهێنا، تا بەشێک لە پێداویستییە لەدەستچووەکانی ڕووسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەرەبوو بکاتەوە.
گوشارەکان کاتێک ئاڵۆزتر بوون کە واشنتن “بەپێی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ئاژانسی ڕوویترز کردووە” داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کرد لە ماوەی ٦ مانگدا نزیکەی ١٢٠ ملیۆن بەرمیل لە کۆگا ستراتیژییەکانی دیزڵ دەربکات، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە ئەگەر ئەورووپا ئەم هەنگاوە نەنێت، ئەمریکا هەناردەکردنی دیزڵ ڕادەگرێت. ئەم دەستپێشخەرییە بازاڕی خستووەتە بارودۆخێکی نائاساییەوە؛ چونکە لەلایەک گەورەترین هەناردەکاری دیزڵ (ئەمریکا) بڕیاری ڕاگرتنی بەشێک لە بەرهەمەکەی تاوتوێ دەکات، و لەلایەکی ترەوە دووەم گەورەترین هەناردەکار (ڕووسیا) بەردەوامە لە ڕاگرتنی بەشێکی زۆری پێداویستییەکان.
گوشاری دووبەرامبەر و کێشەی بنەڕەتیی بازاڕ
مەترسیی بەیەکگەیشتنی ڕێکارەکانی ڕووسیا و ئەمریکا لەوەدا کورت دەبێتەوە کە دوو وڵات پێکەوە ڕۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل دیزڵیان دەخستە بازاڕەکانی جیهانەوە؛ لە ئێستادا یەکێکیان هەناردەی وەستاوە و ئەوی تریشیان ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاگرتن بووەتەوە.
بەڵام هاری ئاستیبانیان، شارەزای بواری وزە، لە لێدوانێکدا بۆ (جەزیرە نێت) ئاگاداری دەدات لەوەی ئەم ژمارەیە وەک مەترسییەکی ڕەها سەیر نەکرێت و دەڵێت: بەشێک لە هەناردەی ڕووسیا لە ئێستادا لە بازاڕدا نەماوە، هەروەها کاریگەریی بڕیارەکەی ئەمریکاش بەستراوەتەوە بە شێوازی جێبەجێکردنی، ئایا کەمکردنەوەی بەشێکی دەبێت یان قەدەغەی گشتگیر.
ئاستیبانیان ڕوونیدەکاتەوە: “کێشە بنەڕەتییەکە کەمیی سووتەمەنیی پاڵێوراوی ئامادەیە بۆ ڕادەستکردن، نەک کەمیی نەوتی خاو.” بە بڕوای ئەو، زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بە تەنیا ناتوانێت شوێنی دیزڵی لەدەستچوو بگرێتەوە، بەبێ بوونی پاڵاوگەی توانادار و ڕێڕەوی ئارام بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکان.
یەحیا هەماد، شارەزای وزە، هاوڕایە لەگەڵ ئەم بۆچوونە و دووپاتی دەکاتەوە کە ناوەندی قەیرانەکە نەوتی خاو نییە، بەڵکو “کەمیی توانای پاڵاوتن و نەگەیشتنی دیزڵە بە بەکاربەران”. هەر ئەمەش هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانی سووتەمەنییە، تەنانەت لەو قۆناغانەشدا کە نرخەکانی نەوتی خاو زۆر بەرز نین.
قووڵیی قەیرانەکە لە ڕووسیاوە ئاشکرا دەبێت؛ بارەکانی دیزڵ و گەزۆیلی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە لە هەفتەی کۆتاییهاتوو لە ٢٤ی ئەیلوولدا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بۆ سفر دابەزین. هەروەها بەپێی “ستاندارد ئاند پوورز گلۆباڵ”، کۆی بارە هەناردەکراوەکانی ڕووسیا لە ماوەی یەک هەفتەدا بۆ نیوە کەمیکردووە.
ئێلیانۆر بادز، بەڕێوەبەری توێژینەوەکانی سووتەمەنی لە “ستاندارد ئاند پوورز گلۆباڵ ئینێرجی سیرا”، پێی وایە ئەورووپا، ئەمریکای لاتین و ئەفریقا زیاترین کاریگەرییان بەهۆی لەدەستدانی دیزڵی ڕووسیاوە لەسەر دەبێت؛ چونکە وڵاتانی وەک تورکیا، بەرازیل، میسر، مەغریب و بازاڕە ئەفریقییەکان خاڵی سەرەکیی وەرگرتنی سووتەمەنی ڕووسیا بوون.
شۆکی نرخەکان و سناریۆکانی داهاتوو
کەمیی دابینکردن ڕەنگدانەوەی بەسەر ها کێشەی پەیوەندیی نێوان نرخی نەوتی خاو و نرخی دیزڵدا هەبوو، چونکە بەرزبوونەوەی قازانجی پاڵاوتن (Cracking Margin) بووە بە دیارترین فاکتەر لە بازاڕدا، لە بڕی جووڵەی نەوتی خاو بە تەنیا.
هەماد ئاماژە بەوە دەکات کە قازانجی پاڵاوتنی دیزڵ (واتە جیاوازیی نێوان بەهای بەرهەمی کۆتایی و نرخی نەوتی خاو) لە ئەمریکا ١٠٠ دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕاندووە. لە ئەورووپاش لە ئاستی ٢٠ دۆلارەوە بۆ نزیکەی ١٠٠ دۆلار بازی داوە. لە ئاسیادا، ئەم قازانجە لە ئەیلوولدا ٨٧ دۆلاری تێپەڕاند، لە کاتێکدا پێش جەنگی ئێران لە دەوروبەری ٢٢ دۆلاردا بوو؛ ئەمەش ئاماژەیە کە بازاڕ ئامادەیە پارەیەکی زۆرتر بدات تەنیا بۆ بەدەستهێنانی دیزڵی پاڵێوراو.
لای خۆیەوە، ئاستیبانیان پێی وایە دیاریکردنی ڕێژەیەکی جێگیر بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان ئەستەمە، چونکە ئاڕاستەی بازاڕ بەپێی سێ سناریۆی سەرەکی دیاری دەکرێت:
- بەردەوامبوونی قەدەغەی ڕووسیا بەبێ ڕێکاری ئەمریکا: نرخەکان لە ئاستێکی بەرز و ناجێگیردا دەهێڵێتەوە.
- سەپاندنی بەشێک ڕێگریی لەلایەن ئەمریکاوە: کێبڕکێ لەسەر باری ڕادەستکردنی دەستبەجێ (spot cargoes) دەتەقێنێتەوە.
- قەدەغەی بەرفراوانی ئەمریکا (توندترین سناریۆ): هاوکات لەگەڵ نەبوونی ڕووسیا و ئاڵۆزییەکانی کەنداو، بازاڕ ڕووبەڕووی شۆکێکی قورس دەکاتەوە.
بەپێی خەمڵاندنەکانی کۆمپانیای “گولدمان ساکس”، قەدەغەکردنی هەناردەی ئەمریکا دەتوانێت نرخەکانی دیزڵی ئەورووپی هەفتانە بە ڕێژەی ٢٪ بەرز بکاتەوە، هەرچەندە بەکارهێنانی کۆگا ستراتیژییەکان دەتوانێت تا ڕادەیەک کاریگەری شۆکەکە هەڵبمژێت.
بەڵام ئەم بڕیارە دەشێت بۆ ناوخۆی ئەمریکاش ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت. شیکەرەوەکانی “ستاندارد ئاند پوورز” مەزەندە دەکەن کە قەدەغەکردنی هەناردەی ١.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، دوای پڕبوونی کۆگاکان، پاڵاوگەکانی ئەمریکا ناچار دەکات پرۆسەی پاڵاوتن بە ڕێژەی ١.٩ ملیۆن بەرمیل (نزیکەی ١٢٪ی کۆی گشتی کارکردن) کەم بکەنەوە. ئەمەش بەرهەمهێنانی بەنزین تا ٧٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمدەکاتەوە، کە لە کۆتاییدا ئابووریی پاڵاوگەکان لاواز دەکات و نرخی بەرهەمەکانی تر گران دەکات.
نەخشەی وڵاتانی عەرەبی لەناو قەیرانەکەدا
وڵاتانی عەرەبی بەرامبەر ئەم قەیرانە لە یەک پێگەدا نین؛ ناوچەکە وڵاتی خاوەن زیادەی دیزڵ و وڵاتی تەواو هاوردەکاریشی تێدایە.
داتاکانی ڕێکخراوی “ئەواپیک” (OAPEC) دەرخەری ئەوەن کە بەرهەمهێنانی دیزڵ لە وڵاتانی ئەندام لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتووەتە ٢.٢١٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە بەرامبەر بەکاربردنی ١.٥٥٩ ملیۆن بەرمیل؛ واتە بە جیاوازیی ٦٥٤ هەزار بەرمیل زیادە. بەڵام ئاستیبانیان جەخت دەکاتەوە کە جیاوازیی ژمارەیی بە مانای هەناردەی ئامادە نایەت، چونکە پابەندبوونی گرێبەستەکان، جۆری سووتەمەنییەکە و پێداویستیی ناوخۆ کاریگەرییان هەیە.
- وڵاتە خاوەن زیادەکان: سعودیە (بە بەرهەمهێنانی ١.١١٤ ملیۆن بەرمیل بەرامبەر بەکاربردنی ٦١٢ هەزار) و کوێت (بە بەرهەمهێنانی ٣٤٦ هەزار بەرمیل بەرامبەر بەکاربردنی ٥٠ هەزار) لە پێشەنگدان.
- پێگەی تایبەتیی عومان: عومان لە ڕێگەی پاڵاوگەکانی (دوقم و سۆهار) و بەندەرەکانی دەرەوەی گەرووی هورمز، توانیویەتی هەناردەی دیزڵ بۆ ئاستی پێوانەییی ١٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا (لە ئابی ڕابردوودا) بەرز بکاتەوە.
- وڵاتە زیانلێکەوتووەکان: میسر (بە بەرهەمی ١٧٦ هەزار بەرمیل بەرامبەر بەکاربردنی ٢٩١ هەزار)، تونس و لیبیا تووشی کورتهێنان دەبن. لە هەموویان هەستیارتر مەغریبە، کە دوای وەستانی پاڵاوگەی “لاسامیر” بەتەواوی پشت بە هاوردەکردن لە ئەمریکا و ڕووسیا دەبەستێت.
تێچووی ئابووری و سەرهەڵدانی دەرفەتی نوێ
کاریگەریی قەیرانی دیزڵ ڕاستەوخۆ دەگاتە سەرجەم سێکتەرەکانی ئابووری. هەماد ڕوونیدەکاتەوە کە بارهەڵگرەکانی گواستنەوە، کەرەستەی کشتوکاڵی، پەمپەکانی ئاودێری و کەشتییەکان پشت بە دیزڵ دەبەستن، بەمەش گرانبوونی دیزڵ بە خێرایی دەگوازرێتەوە بۆ تێچووی خۆراک و کەلوپەل. لە وڵاتانی هاوردەکاردا، ئەم دیاردەیە داواکاری لەسەر دۆلار بەرز دەکاتەوە و فشار لەسەر دراوی ناوخۆیی و هەڵاوسان دروست دەکات.
لە بەرامبەردا، قەیرانەکە دەرفەت بۆ هەندێک پاڵاوگەی عەرەبی دەکاتەوە تا سوود لە بەرزبوونەوەی قازانجی پاڵاوتن وەربگرن. بەڵام ئاستیبانیان دەڵێت ئەم دەرفەتە “مەرجدارە بە توانای بەرهەمهێنانی زیادە و ژێرخانی ئارام”.
لە گۆڕەپانی بازرگانیدا، بەندەرەکانی دەرەوەی گەرووی هورمز (وەک عومان و بەندەرەکانی دەریای سووری سعودیە) لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدان. داتاکان دەریدەخەن کە هەناردەی دیزڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەورووپا لە ئەیلوولدا بۆ ١١٠ هەزار بەرمیل کەمی کردووە (نزمترین ئاست لە ٦ ساڵدا)، لە کاتێکدا عومان توانیویەتی ببێتە گەورەترین دابینکەری هەرێمی بۆ ئەورووپا.
کۆگا ستراتیژییەکان؛ دوا هێڵی بەرگری
کۆگا فریاگوزارییەکانی ئەورووپا وەک دوا سەنگەر دەمێننەوە بۆ ڕێگری لە کەمیی سووتەمەنی لە وەرزی زستاندا. ئەڵمانیا و فەڕەنسا خاوەنی ٣٥٪ی کۆگاکانی دیزڵی یەکێتیی ئەورووپان، لە کاتێکدا داواکارییەکەی ئەمریکا (١٢٠ ملیۆن بەرمیل) ڕێژەی ٤٠٪ی تەواوی کۆگاکانی ئەورووپا پێکدەهێنێت.
لە ڕووی سیاسییەوە:
- ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، داوای لە وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت (G7) کردووە ڕێکارەکانیان هاوئاهەنگ بکەن بۆ دابەزاندنی نرخەکان و خۆبەدوورگرتن لە قەدەغەکردنی هەناردە.
- یەکێتیی ئەورووپا لە ڕێگەی وتەبێژی کۆمسیۆنەکەیەوە، هەڕەشەکانی ئەمریکای بۆ قەدەغەکردنی هەناردە “بە تەواوەتی ڕەتکردەوە” و ئاگاداری دا کە ئەمە متمانە بە واشنتن لاواز دەکات.
- ئەورووپییەکان دەرهێنانی ٥٠ ملیۆن بەرمیل دیزڵ لە کۆگاکانیان دەبەستنەوە بە وەرگرتنی بەڵێنی ڕوون لە ئەمریکاوە تا هەناردەکردن ڕانەگرێت.
شیکەرەوەکانی دامەزراوەی “ئینێرجی ئەسپێکتس” کۆگا ستراتیژییەکان بە «دوا فیشەک» وەسف دەکەن و ئاماژە دەکەن کە حکومەتەکان ناخوازن پێش زستان بە خێرایی بەتاڵیان بکەن.
دەرئەنجام: قەیرانی ئێستای دیزڵ کێشەی نەبوونی نەوتی خاو نییە، بەڵکو پەیوەستە بە توانای پاڵاوگەکان، ڕێڕەوە ئارامەکانی گواستنەوە و قەبارەی کۆگا ستراتیژییەکان. هەر درێژکردنەوەیەکی قەدەغەکەی ڕووسیا یان جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەمریکا، دەستبەجێ بازاڕەکان تووشی شۆک دەکات، کە تێچووەکەی ڕاستەوخۆ لەسەر شانی بەکاربەری ئاسایی دەکەوێتەوە.
راپۆرتی ئەلجەزیرە نێت.