تێچووی بەکرێگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە ئەمریکاوە بۆ چین، لە تێچووی ناردنی مووشەکێک بۆ بۆشایی ئاسمان زیاترە
روونبین/ڕاپۆرت
تێچووی بەکرێگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە ئەمریکاوە بۆ چین، لە تێچووی ناردنی مووشەکێک بۆ بۆشایی ئاسمان زیاترە
تێچووی گەشتەکە ٨٠ ملیۆن دۆلارە، بە بەراورد لەگەڵ ٧٤ ملیۆن دۆلار بۆ ناردنی مووشەکی «فالکۆن ٩»ی کۆمپانیای «سپەیس ئێکس».
- کرێی گواستنەوەی نەوت بە کەشتی گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە سەردەمی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە، و لە بەرزترین ئاستی جەنگی کەشتییە نەوتبەرەکان لە هەشتاکانیش تێپەڕیوە.
- گەڕانەوەی گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بۆ ٨٠٪ی ئاستی پێش جەنگی ئێران، کێشەی کەمیی کەشتییە نەوتبەرەکان لە ئاستی جیهاندا زیاتر دەکات.
- تێچووی گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت لە ئەمریکاوە بەرز بووەتەوە بۆ ٤١ دۆلار، لەگەڵ تۆمارکردنی نرخی پێوانەیی بۆ کڕینی کەشتییە نەوتبەرە بەکارهاتووەکان.
- بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە، قازانجی پاڵاوگەکانی نەوت کەم دەکاتەوە و مەترسیی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی و وەستانی بازرگانیی نەوت لە ئاستی جیهاندا دروست دەکات.
بۆ تێگەیشتن لە ئاستی بەرزبوونەوەی نائاسایی تێچووی گواستنەوەی نەوت، تەنها ئەم بەراوردە بەسە: ئێستا تێچووی بەکرێگرتنی کەشتییەکی نەوتبەر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ چین، لە تێچووی ناردنی مووشەکێک بۆ بۆشایی ئاسمان زیاترە.
تێچووی ئەم گەشتە نزیکەی ٨٠ ملیۆن دۆلارە، بە بەراورد لەگەڵ ٧٤ ملیۆن دۆلار بۆ ناردنی مووشەکی «فالکۆن ٩»ی کۆمپانیای «سپەیس ئێکس» (SpaceX)، بەپێی ئەو زانیارییانەی کۆمپانیای نێوەندگیری کەشتییەکان «گیبسۆن» (Gibson) لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا بڵاوی کردووەتەوە.
هەمان بڕە پارەش دەکرا بۆ کڕینی کەشتییەکی نەوتبەری نوێ و تەواو بوکاربێت، بە هەمان تایبەتمەندییەکانی ئەو کەشتییەی لە سەرەتای ئەم ساڵەدا بەکرێ گیرابوو .
کەمیی کەشتییە نەوتبەرەکان
ئەم تێچووە زۆر بەرزانە دەگەڕێنەوە بۆ کەمیی کەشتییە نەوتبەرەکان لە جیهاندا؛ کەمییەک کە لەگەڵ هەر بەرمیلێکی زیاتر لە نەوت کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت، زیاتر دەبێت.
بازاڕی کەشتییە نەوتبەرە گەورەکان چەند هەفتەیەکە شایەتی بەرزبوونەوەیەکی بێوێنەیە، تەنانەت بۆ ئەوانەش کە ساڵانێکی زۆرە لەم پیشەسازییەدا کار دەکەن.
کۆمپانیای نێوەندگیری کەشتییەکان «ئێس ئێس وای» (SSY) دەڵێت کرێی گواستنەوە لە ئێستادا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لەو کاتەوەی کە یەکەم کەشتییە نەوتبەرە زەبەلاحەکان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا دەستیان بە کارکردن لە دەریاکاندا کردووە.
تەنانەت دوای ڕاستکردنەوەی نرخەکان بەپێی هەڵاوسانیش، ئەم نرخانە لەو ئاستە تێپەڕیون کە لە جەنگی کەشتییە نەوتبەرەکان لە هەشتاکاندا تۆمار کرابوو؛ ئەو کاتەی ئێران و عێراق هێرشیان دەکردە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداوی عەرەبیدا.

ڕاسڵ هاردی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی “ڤیتۆڵ” (Vitol)، کە گەورەترین کۆمپانیای سەربەخۆی بازرگانیی نەوتە لە جیهاندا، لە کۆنفرانسێکدا کە ئەم هەفتەیە بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند:
“بەڕاستی ژمارەی کەشتییەکان بەس نییە بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان. شایەتی خێراییەکی زۆر لە بەرزبوونەوەی کرێی گواستنەوە بووین”.
ئەم بەرزبوونەوەیە ئاڵۆزییەکی نوێ زیاد دەکات بۆ بازاڕی نەوت؛ بازاڕێک کە چەندین مانگە هەوڵ دەدات خۆی لەگەڵ ئاڵۆزییە مێژووییەکانی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بگونجێنێت.
زیادبوونی تێچووی گواستنەوە، نرخی نەوتی خاو بۆ کڕیاران بەرز دەکاتەوە، قازانجی پاڵاوتن کەم دەکاتەوە و فشاری هەڵاوسان لە بازاڕەکانی وزەدا زیاد دەکات.
گەرووی هورمز
لە پشت ئەم بەرزبوونەوەیەدا کێشەیەکی سادە هەیە: ژمارەی کەشتییە نەوتبەرەکان بەس نییە بۆ گواستنەوەی هەموو ئەو بڕە نەوتەی کە پێویستە بە شێوەیەکی کارا بگوازرێتەوە.
بەرهەمهێنەرانی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر پشت بە گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بۆ کەشتییەکانی تر دەبەستن؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە جەنگی ئێران ڕێڕەوە بازرگانییەکانی ناوچەکەی گۆڕیوە.
ئەم پرۆسانە هەندێک جار نزیکەی یەک هەفتە زیاد دەکەن بۆ سەر ماوەی هەر گەشتێک، و بەوەش فشاری زیاتر دەخەنە سەر کۆی کەشتییەکانی جیهان.
کاریگەریی ئەم دۆخە زیاتر بووە، چونکە گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمزەوە گەڕاوەتەوە بۆ نزیکەی ٨٠٪ی ئاستی پێش جەنگی ئێران؛ ئەمە بەپێی ئەو زانیارییانەی بەرپرسانی باڵای کەرتی نەوت و گواستنەوە بڵاویان کردووەتەوە.
سروشتی نائاسایی و پچڕپچڕی ئەم ڕەوتە بازرگانییانە، کەمیی کەشتییەکانی زیاتر کردووە.
کاتێک هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا بە ڕادەیەکی زۆر کەم بووەوە، کەشتییە نەوتبەرەکان چەندین هەفتە بەبێ بار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو ناوچەکانی تری جیهان دەڕۆیشتن، بۆ ئەوەی دەرفەتی کاری نوێ بدۆزنەوە.
ئێستا، لەگەڵ گەڕانەوەی گواستنەوەی نەوت لە کەنداودا، کەشتییەکان دەبێت جارێکی تر شوێنی خۆیان بگۆڕن؛ پرۆسەیەک کە ڕەنگە چەند هەفتەیەک بخایەنێت.
هەروەها وەستانی کرداریی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ چین، فشاری زیاتر دروست کردووە؛ چونکە کڕیارانی چینی ناچار بوون بڕی زیاتر لە نەوتی خاو لە سەرچاوەکانی ترەوە دابین بکەن. ئەمەش داواکاری بۆ کەشتییە نەوتبەرەکانی بازاڕی ئاسایی گواستنەوەی نەوتی بەرز کردووەتەوە.
هێرشەکانی ئێران کە وایان کردووە هەندێک کەشتی بۆ چاککردنەوە لە خزمەت بکشێنرێنەوە، توانای بەردەستی گواستنەوە زیاتر کەم دەکەنەوە.
لە هەمان کاتدا، هەندێک کەشتی بۆ خۆپاراستن لە هێرشەکانی حوسییەکان، ناچار دەبن بە دەوری ئەفریقادا بڕۆن؛ ئەمەش هەزاران میل زیاد دەکاتە سەر ڕێگای گەشتەکانیان.
لۆرین گالیناری، سەرۆکی بەشی هەواڵگریی بازرگانی لە کۆمپانیای نێوەندگیری کەشتییەکان «ئێم جەی ئێل ئێف ئەند ئەسۆسیەیتس» (MJLF & Associates)، وتی:
“بێگومان، پێشتر بازاڕی گواستنەوەی زۆر نائاساییمان بینیوە، بەڵام خێرایی ئەم بەرزبوونەوەیە، قەبارەکەی و فراوانیی کاریگەرییەکەی شایانی سەرنجن”.
فشاری تێچووی گواستنەوە
لە ڕابردوودا، تێچووی بارکردن، بەشێکی بچووکی تێچووی گواستنەوەی نەوت بوو لە نێوان قۆناغە جیاوازەکانی زنجیرەی دابینکردندا. بەڵام ئێستا، بە بەراورد لەگەڵ نرخی گشتیی نەوتی خاو، ئەم تێچووانە زۆر گەورە بوون.
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، ڕێککەوتن لەسەر بەکرێگرتنی کەشتییەکی نەوتبەر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرا، بە کرێیەک کە دەگاتە ٤١ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەمە لە کاتێکدایە کە تێکڕای کرێی گواستنەوە لە هەمان ڕێڕەودا لە ساڵی ڕابردوودا تەنها ٤.٥٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بوو.
ئەم بڕە پارەیە نزیکەی ٤٥٪ی نرخی گرێبەستەکانی داهاتووی نەوتی خاو لە جۆری «وێست تێکساس ئینتێرمیدیەت» (WTI) پێک دەهێنێت؛ نەوتێک کە ئەمڕۆ بە نزیکەی ٩١ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوە دەکرا.
بۆ خاوەنی کەشتییە نەوتبەرەکان، بەرزبوونەوەی کرێی گواستنەوە واتای قازانجکردنێکی نائاسایی.
ئەم بەرزبوونەوەیە ملیۆنان دۆلار قازانج دەگەیەنێتە ژمارەیەکی دیاریکراو لە خاوەنی کەشتی کە کۆنترۆڵی بازاڕەکەیان لە دەستدایە. زۆربەیان کەسانێکن کە زانیارییەکانیان لەبارەوە کەم بڵاو دەبێتەوە؛ لەوانە بازرگانێکی کۆریای باشووری کە کەسایەتییەکەی زۆر ناسراو نییە، هەروەها چەندین خێزانی یۆنانی و سەرمایەدارانی گەورەی کەشتیوانی لە نەرویج.
کاتێک کرێی گواستنەوە لە سەرەتای ئەم مانگەدا گەیشتە ئاستی پێوانەیی نوێ، لە بازاڕی کەشتییە نەوتبەرەکاندا ئەو باوەڕە هەبوو کە شەپۆلی بەرزبوونەوەکە بە زوویی کۆتایی نایەت.
هێشتا زۆرێک لە خاوەن کەشتییەکان چاوەڕێی بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ماوەی کورتدا دەکەن. تا ئێستا، پێشبینیی ئەو کەسانەی باوەڕی پێچەوانەیان هەبووە، هەڵە دەرچووە.
شیکەرەوەکانی کۆمپانیای «کلارکسۆنز سیکیوریتیز» (Clarksons Securities) نووسیویانە: “لەگەڵ سنوورداربوونی توانای زیادەی بەردەست، کرێی گواستنەوە زیاتر پشت بەو بڕە پارەیە دەبەستێت کە بەکرێگرانی کەشتی دەتوانن بەرگەی بگرن”.
هاردی، لە کۆمپانیای “ڤیتۆڵ”، ئاماژەی بەوەدا کە هەڵبەز و دابەزی بازاڕ گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر توند بە جۆرێک کە ڕەنگە بازرگانان زەحمەت بێت بۆیان خەمڵاندن بۆ تێچووی گواستنەوە بکەن، تەنانەت لە چوارچێوەی هامشێکی هەڵەی چەند دۆلاریشدا بۆ هەر بەرمیلێک.
جێگرەوەکانی کەرتی وزە
کەرتی وزە لە ئێستاوە دەستی بە خۆگونجاندن کردووە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا. بەجۆرێک بارەکانی نەوت لە ڕۆژئاوای ئەفریقا و ئەمەریکای باشوور،، کە پێشتر بە شێوەی ئاسایی بە یەک کەشتیی نەوتبەری زەبەلاح دەگوازرانەوە، بەڵام ئێستا دابەش دەکرێن بەسەر دوو کەشتیی بچووکتری جۆری “سویزماکس” (Suezmax).
لە هەمان کاتدا، بەرهەمهێنەرانی نەوت هەوڵ دەدەن کەشتی بکڕن یان گرێبەستی بەکرێگرتنی درێژخایەن ببەستن، بۆ ئەوەی خۆیان لە کاریگەریی هەڵبەز و دابەزی نرخەکان بپارێزن.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، بەرهەمهێنەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە عێراق، ئیمارات و کوێت، هەموویان چوونەتە ناو بازاڕی کڕینی کەشتییە نەوتبەرەکانەوە.
ئەم چارەسەرە جێگرەوانە وایان کردووە فشاری کەمیی کەشتییەکان بگاتە کەرتەکانی تری گواستنەوەش.
تێکڕا قازانجی ڕۆژانەی کەشتییەکانی جۆری «سویزماکس» بەرز بووەتەوە بۆ زیاتر لە ٦٨٠ هەزار دۆلار؛ واتە نزیکەی پێنج هێندەی ئاستی سەرەتای ئەم مانگە.
هەروەها، کرێی گواستنەوەی کەشتییەکانی گواستنەوەی گازەکانی وەک پرۆپان، نزیک بووەتەوە لە ئاستی پێوانەیی؛ دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە زیاتر لە سێ هێندە بەرز بووەتەوە.
کڕینی کەشتی بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانەش گرانتر بووە.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای «کلارکسۆنز ڕیسێرچ سێرڤیسز» (Clarkson Research Services)، کە سەر بە گەورەترین کۆمپانیای نێوەندگیری کەشتییەکانە لە جیهان، نرخی کەشتییەکی نەوتبەری مۆدێرنی بەکارهاتوو گەیشتووەتە ٢٤٠ ملیۆن دۆلار؛ ئەمەش بەرزترین نرخە کە تا ئێستا تۆمار کراوە. ئەم نرخە زیاتر لە ٦٠٪ لە نرخی کۆتایی ساڵی ڕابردووە.
بەرهەمهێنەرانی نەوت
بۆ بەرهەمهێنەرانی نەوت، تێچووی بەرزی گواستنەوە دەستی کردووە بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی توانای ئابوریی فرۆشتنی خاوەکانیان بە شێوەیەکی ڕکابەرانە لە بازاڕە جیاوازەکاندا. لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، کاتێک هەناردەکاران بە پلەی یەکەم پشت بە پاڵاوگەکانی چین دەبەستن کە نزیکەی ١٠ هەزار میل دوورن، نرخەکانی نەوتی خاو بە توندی دادەبەزن، هۆکارەکە ئەوەیە فرۆشیاران داشکاندن بۆ بارەکانی نەوت دەکەن، بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە بۆ چین قەرەبووبکاتەوە.
کۆمپانیای «شێڵ» (Shell) لە ڕاپۆرتێکی نوێکراوەی پەیوەست بە چالاکییە بازرگانییەکانی لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند کە هەندێک لە ئەنجامەکان لە چارەکی سێیەمدا کاریگەرییان دەر دەکەوێت، “بەرزبوونەوەی پێكهاتە گۆڕاوەکان لە گرێبەستەکانی بەکرێگرتنی درێژخایەنی کەشتییەکان لە سایەی ژینگەی ئێستای ئابوریی گشتیدا” کۆمپانیاکە پێشتر لە سەرەتای ئەم ساڵدا کاریگەرییەکی هاوشێوەی ئاشکرا کردبوو.
لە هەمان کاتدا، کۆی بەهای بازاڕی گەورەترین کۆمپانیاکانی گواستنەوەی نەوت کە لە بۆرسە جیهانییەکاندا تۆمار کراون، گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ کە ٧٠ ملیار دۆلار ی تێپەڕاند.
پرسیاری سەرەکیی ئێستا ئەوەیە: کرێی گواستنەوە تا چەند دەتوانێت بەردەوام بەرز ببێتەوە، پێش ئەوەی کڕینی نەوتی خاو، گواستنەوەی لەسەرانسەی جیهاندا و پاڵاوتنی بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی، لە ڕووی ئابوورییەوە سوودبەخش نەبێت؟
قازانجی گواستنەوە
لە ئێستادا، کەمیی گازۆیل وای کردووە قازانجی پاڵاوتنی نەوت لە ئاستێکی بەرزدا بمێنێتەوە؛ بەڵام بەرزبوونەوەی زۆری تێچووی گواستنەوە دەستی کردووە بە کەمکردنەوەی قازانجی داهاتی پاڵاوگەکان.
کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتی ئەورووپی “ڕێپسۆڵ” (Repsol) ڕایگەیاند کە قازانجی پاڵاوتنی لە چارەکی سێیەمدا گەیشتووەتە ٣٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
بەڵام شیکەرەوەکانی کۆمپانیای “ئار بی سی“ (RBC) دەڵێن ئەم قازانجانە لە ئۆکتۆبەردا کەم بوونەتەوە بۆ نزیکەی ١٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک؛ ئەمەش بەشێکی بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی کەشتییە نەوتبەرەکانەوەیە.
ئەگەر کرێی گواستنەوە بەردەوام بەرز ببێتەوە، ڕەنگە پاڵاوگەکان لە کۆتاییدا بە کەمکردنەوەی پاڵاوتنی بڕی نەوتی خاو وەڵام بدەنەوە.
تور سڤیلاند، دامەزرێنەری سندوقی پاراستنی سەرمایەی “Svelland Capital”، کە دەستپێکی ژیانی پیشەیی وەک بازرگانێک لە بازاڕی گواستنەوەدا دەستپێکردووە، ڕوونیکردەوە: “بازاڕ بەردەوامە لە بەدەستهێنانی هێزی زیاتر. لە خاڵێکدا، پاڵاوگەکان دەتوانن بۆ ماوەیەک ڕابوەستن. کاتێک تێچووی گواستنەوە لە ٥٪ی بەهای بارەکەوە بەرز دەبێتەوە بۆ ٥٠٪، ئەوکاتە جووڵەی بازرگانیی نەوت دەوەستێت.”
راپۆرتی ئاژانسی بلومبێرگ