سامانە سروشتییەکان وەڵامی ئاڵا تاڵەبانی دەداتەوە و ئاستی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوت ئاشکرا دەکات

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان 2026-10-29 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی لێدوانەکانی ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراقی دایەوە و تەواوی ئیدعاکانی دەربارەی دۆسیەی نەوت بە بێبنەما و چەواشەکارانە وەسف کرد. وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە لێدوانانە زیان بە ناوبانگی دامەزراوە هەرێمی و فیدراڵییەکان دەگەیەنن و دوورن لە شەفافییەت و بەرژەوەندیی گشتی.

سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنان، وەزارەتەکە ئاماژەی بە داتاکانی کۆمپانیای ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتی “وود ماکنزی” (Wood Mackenzie) کرد کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە ڕاسپێردراوە؛ بەپێی ئامارەکانی ئەم کۆمپانیایە، بەرهەمهێنانی ئێستای نەوت لە هەرێم نزیکەی ٢٥٥ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. هەروەها پێشبینی کراوە لە باشترین بارودۆخدا و تا ساڵی ٢٠٢٧ بگاتە ٣٠٨ هەزار بەرمیل، بەو مەرجەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بدرێت و ژینگەی ئەمنی لەبار بێت بۆ بەردەوامیی وەبەرهێنان.

دەقی ڕاگەیەندارەوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: 

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە سەبارەت بە ئیدعاکانی پەرلەمانتاری پێشوو ئاڵا تاڵەبانی

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی تەواوی ئەو بانگەشە بێبنەما و چەواشەکارانەیە ڕەتدەکاتەوە کە لەلایەن ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتاری پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵییەوە لە ڕێگەی کەناڵی (الأولى)—کە سەر بە میلیشیایەکی ناسراوە بە هەڵوێستە دژەکارییەکانی بەرامبەر هەرێمی کوردستان—خسترانەڕوو سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم، هەناردەکردنی، و کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکانی کە تێیدا کاردەکەن.

ئەم بانگەشانە، کە زانیاری و داتای باوەڕپێکراویان تێدا نییە، نەک تەنها زڕاندنی ناوبانگی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، بەڵکو بەدگومانیی و بێبڕوایی دەخەنە سەر دامەزراوە فیدراڵییەکان و میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە، و کۆمەڵێک پرسیار لەسەر ئەو بنەمایانە دروستدەکەن کە ئەم جۆرە لێدوانانەی لەسەر بونیات نراوە.

یەکەم: سەبارەت بەو بانگەشەیەی کە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٦٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنێت:

بەپێی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، کۆمپانیای “وود ماکنزی” (Wood Mackenzie) کە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری پسپۆڕە و گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵیدا هەیە، دەستنیشانکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی. بەپێی داتاکانی ئەم کۆمپانیایە، بەرهەمهێنانی ئێستای نەوتی هەرێم نزیکەی ٢٥٥ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا پێشبینییەکانی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزترین ئاست کە بتوانرێت پێی بگات تا ساڵی ٢٠٢٧ بریتییە لە ٣٠٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا (لە باشترین بارودۆخدا)، بەو مەرجەی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان تەواوی شایستە دارایی و گرێبەستییەکانی خۆیان وەربگرن و بارودۆخی ئەمنی پێویست فەراهام بێت، تاوەکو بتوانن بەردەوام بن لە وەبەرهێنان لە پرۆسەکانی هەڵکۆڵین و گەشەپێدان کە پێویستن بۆ پاراستنی ئاستی بەرهەمهێنان و زیادکردنی.

لەبەر ئەوە، ئیدعاکردنی ژمارەیەک و پاڵدانی بە دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی باوەڕپێکراوەوە بێ ئەوەی بە فەرمی بڵاوی کردبێتەوە یان ڕایگەیاندبێت، چەواشەکارییەکی ڕوونی ڕای گشتییە و هەوڵێکە بۆ پێشکەشکردنی زانیاریی پشتڕاستنەکراوە وەک ڕاستی.

دووەم: سەبارەت بە ئیدعای قاچاغچییەتی  نەوت:

قسەکردن لەسەر قاچاغچێتیی نەوت نەزانینێکی ڕوون دەردەخات بەرامبەر میکانیزمەکانی هەناردەکردن و ڕێکارە چاودێرییە پەسەندکراوەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسانە. چونکە ٤٢ نوێنەری وەزارەتی نەوتی فیدراڵی سەرپەرشتی پرۆسەکانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەکەن بۆ تورکیا. لەبەر ئەوە، هەر ئیدعایەک بۆ بوونی قاچاغچییەتی، پێویستی بە پێشکەشکردنی بەڵگەی ڕوون و دیاریکراو هەیە، هەروەها پرسیاری ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی پرۆسەکانی هەناردەکردن و ئەو لایەنە فیدراڵییانەی بەرپرسن لێی، کە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوور بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بەڕێوەدەبرێن.

باشتر وایە بۆ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، ئەگەر ئەم ئیدعایانە بەڵگەی ڕاستەقینەیان لەپشتە، ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ڕوون بکاتەوە و بەرگری لەو میکانیزمانەی هەناردەکردن بکات کە خۆی سەرپەرشتییان دەکات و لەگوڵ بەرگری لە کادرەکانی خۆی، لە بڕی ئەوەی ڕێگە بۆ تۆمەتی بێبنەما و چەواشەکارانە ئاوەڵا بهێڵێتەوە.

سێیەم: سەبارەت بە داهاتە نەوتییەکان:

تەواوی ئەو داهاتانەی لە فرۆشتنی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی (سۆمۆ)وە دەستدەکەون، دەچنە سەر خەزێنەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی. لەسەر ئەم بنەمایە، هەر ئیدعایەک بۆ بوونی پێشێلکاری پەیوەندیدار بەم داهاتانەوە دەبێت پشت ببەستێت بە بەڵگە، و بەرپرسیارێتییەکە ئاڕاستەی ئەو لایەنانە بکرێت کە بەڕێوەبردن و چاودێریی ئەم پارانە دەکەن. لەبەر ئەوە، ئاڕاستەکردنی تۆمەت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبری لێپرسینەوە لە لایەنە فیدراڵییە پەیوەندیدارەکان، دوورە لە لۆژیک و بابەتیبوون.

چوارەم: سەبارەت بە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن:

ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن کۆمپانیای نێودەوڵەتیی ناسراون، لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان تۆمارکراون و لە بۆرسە جیهانییەکاندا هەن، هەروەها ملکەچی پێوەرە توندەکانی ئاشکراکردنی دارایی، وردبینی، پابەندی و دژایەتیکردنی گەندەڵین. گرێبەستەکانی ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێم کاردەکەن، یاساییبوونیان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دانپێدانراوە و کارپێکراون. هەروەها هەندێک لەم کۆمپانیایانە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵیشدا هەیە و لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیش کاردەکەن.

لەسەر ئەم بنەمایە، ئیدعاکردنی ئەوەی کە ئەم کۆمپانیایانە ئاڕاستە دەکرێن یان هی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمن، تۆمەتێکی مەترسیدار و قبوڵنەکراوە و لە نەزاهەت و ناوبانگی نێودەوڵەتیی ئەم کۆمپانیایانە دەدات، هەروەها زیان بە ژینگەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی دەگەیەنێت. خستنەڕووی ئەم جۆرە تۆمەتانە بێ پێشکەشکردنی بەڵگەی باوەڕپێکراو خزمەت بە شەفافییەت و بەرژەوەندی گشتی ناکات، بەڵکو زیان بە ناوبانگی وەبەرهێنانی عێراق دەگەیەنێت و ئەو متمانەیەی کە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەوڵی چەسپاندنی دەدەن لەگەڵ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکاندا لاواز دەکات.

پێنجەم: سەبارەت بە هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی:

حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، لەسەرجەم ساڵانی ڕابردوودا، بە جدییەت و بەرپرسیارێتییەوە کاریان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و ڕێکخستنی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت. لە چوارچێوەی ئەم هەماهەنگییەدا، حکومەتی هەرێم دەرفەتی بۆ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ڕەخساندووە سەردانی تەواوی کێڵگە نەوتییەکان بکات بێ بەدەرکردنی هیچ کێڵگەیەک، هەروەها ڕێگەی بە شارەزایانی سەربەخۆی نێودەوڵەتی داوە سەردانی ئەم کەرتە بوبکەن و ئاگاداری پێوەرە ڕێژەییەکانی (پێوەرەکانی) هەناردەکردن بن.

خستنەڕووی ئیدعای بێبنەما و بێ بەڵگە خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانیی عێراق ناکات، بەڵکو ڕێگری دەکات لە هەماهەنگی و لێکگەیشتنەکانی نێوان هەردوو لایەن، و زیان بە متمانەی وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بە کەرتی نەوت و گازی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

لە کۆتاییدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات کە پابەندی پیشەییبوون و بەرپرسیارێتی بن، و وریابن لە گواستنەوەی زانیارییەکان، و داتاکان لە سەرچاوە فەرمی و باوەڕپێکراوەکانەوە وەربگرن، و دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی ئیدعای بێ بەڵگە. هەروەها وەزارەت ئامادەیی بەردەوامی خۆی دووپاتدەکاتەوە بۆ ڕوونکردنەوەی هەر زانیاری یان داتایەک کە پەیوەندیدار بێت بە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستاندا، لە ڕوانگەی پابەندبوونی بە شەفافییەت و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان ٢٩ / ١٠ / ٢٠٢٦