شێخ باز ڕەوف کەریم: تۆڕی گازی سروشتیی کوردستان بە تەواوی پێکەوە گرێدرا و ئاستی هەناردەی نەوتیش بەرزبووەوە
هەولێر — لە پەیامێکی فەرمیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X (ئێکس)، باز ڕەوف کەریم، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی کار، دەستکەوتێکی گرنگی کەرتی وزەی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە تۆڕی گازی سروشتی لە سەرانسەری هەرێم بە تەواوی پێکەوە بەستراوەتەوە.
گەیاندنی گاز لە کۆرمۆرەوە تاوەکو دهۆک
لە پەیامەکەیدا، شێخ باز ڕەوف کەریم ئاماژەی بەوە دا کە لەم کاتە هەستیارەدا و بە هیمەتی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەموو ئەو گازە سروشتییەی لە کوردستان بەرهەمدێت، هەر لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە تاوەکو دهۆک، بە یەک تۆڕی فراوانی بۆری پێکەوە گرێدراون.
ڕاشیگەیاند کە ئەم گازە سروشتییە ڕاستەوخۆ دەگاتە:
- وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
- کارگەکان و وێستگە پیشەسازییەکان.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە، جگە لەوەی بەدیهێنانی قۆناغێکی گرنگە لە ئاسایشی وزە، هاوکات دەبێتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی و پڕ بایەخ بۆ بوژاندنەوەی زیاتری کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستاندا.
بەرزبوونەوەی توانای هەناردەکردنی نەوت
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەبارەت بە کەرتی نەوت، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی کار ڕوونی کردەوە کە لەم قۆناغەدا ئەو نەوتەی کۆمپانیای (سۆمۆ) هەناردەی دەکات لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە، لە ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ ٥٠٠ هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر هەناردەکردن بگاتە پەڕی توانای خۆی کە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا، ئەوا بە نزیکەیی ٣٣٪ی تەواوی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، باز ڕەوف کەریم سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی تەواوی ئەو لایەنانە کرد کە بەشداربوون لە بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە ستراتیژییە بۆ وڵات.
