بۆ سێیەم مانگ لەسەر یەک؛ “ئۆپێک پڵەس” ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەبێ دەستکاری دەهێڵێتەوە
لە سایەی بەردەوامی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەبوونی سەقامگیری لە بازارەکانی وزەدا، وڵاتانی هاوپەیمانی “ئۆپێک پڵەس” بڕیاریان دا پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بۆ مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو وەک خۆی بهێڵنەوە. ئەمەش دەبێتە سێیەم مانگی لەسەر یەک کە هاوپەیمانییەکە هیچ دەستکارییەک لە ئاستی بەرهەمهێناندا ناکات.
ڕێککەوتنی ٧ وڵاتەکە لەسەر جێگیرکردنی ئاستی بەرهەمهێنان
کۆمەڵێک لە وڵاتانی سەرەکی ناو هاوپەیمانییەکە کە پێکهاتوون لە ٧ وڵات (عەرەبستانی سعوودی، ڕووسیا، عێراق، کوێت، کازاخستان، جەزائیر و عومان) و بە سەرکردایەتی ڕیاز و موسکۆ، گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ جێگیرکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی ئامانجدارکراو بۆ مانگی داهاتوو. ئەم بڕیارەش بە تەواوی لەگەڵ ئەو پلانەدا دەگونجێت کە لە سەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن هاوپەیمانییەکەوە داڕێژرابوو.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە لە مانگی ئابی ڕابردوودا، هاوپەیمانییەکە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان و دروستبوونی ئاستەنگ لەبەرامبەر توانای هەندێک لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری کەنداو بۆ دەرهێنانی بڕی پێویست، پرۆسەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی بۆ ماوەی شەش مانگ ڕاگرت.
مەترسیی ژیوپۆلیتیکی و جووڵەی بازارەکان
ئەم بڕیارانە لە کاتێکدا دەدرێن کە بازاڕی نەوت ڕووبەڕووی جیاوازییەکی بەرچاو بووەتەوە لە نێوان نرخەکان لە گرێبەستە ئایندەییەکان (Futures) و بازاڕی فیزیاییدا.
- لە بازاڕی ئایندەدا: نرخەکان ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە؛ بە شێوەیەک هەفتەی ڕابردوو لە لەندەن نرخ گرێبەستەکانی نەوتی خاوی برێنت گەیشتە ١١٨ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەمەش بەهۆی ئەوەی بازرگانەکان ترسیان لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییە سەربازییەکان هەیە، بەتایبەت هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل و هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا.
- لە بازاڕی فیزیاییدا: ئاماژەکانی لاوازی بەدی دەکرێن، چونکە نرخی بارە نەوتییەکان دابەزیوە. ئەمەش بەهۆی چاکبوونەوەی جووڵەی گەشتیاری و کەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بۆ ئاستێک کە نزیک دەبێتەوە لە سەردەمی پێش دەستپێکردنی شەڕەکە.
بەرهەمهێنان بەرەو چاکبوونەوە دەچێت
داتاکانی ڕێکخراوی “ئۆپێک” ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرهەمهێنانی کردەیی هاوپەیمانییەکە لە مانگی ئەیلوولدا بە بڕی ٩٠٣ هزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٣٩.٠٦٨ ملیۆن بەرمیل. بەمەش تەنها لە ماوەی دوو مانگدا بەرهەمهێنانی گشتیی هاوپەیمانییەکە ١.٣٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادی کردووە.
عەرەبستانی سعوودی ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لەم بەرزبوونەوەیەدا؛ بەجۆرێک لە مانگی ئەیلوولدا بەرهەمهێنانی خۆی ٧٤٤ هوزار بەرمیل زیاکرد و کۆی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی لە ٧.٢٥٧ ملیۆن بەرمیلەوە گەیاندە زیاتر لە ٨ ملیۆن بەرمیل.
کەمکردنەوەی پێشبینییەکانی داواکاری لەسەر نەوت
هاوتەریب لەگەڵ جێگیرکردنی پشکەکان، ڕێکخراوی “ئۆپێک” بۆ شەشەم مانگی لەسەر یەک پێشبینییەکانی خۆی بۆ گەشەی داواکاری جیهانیی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٦دا دادەبەزێنێت. لە کۆتا ڕاپۆرتی مانگی تشرینی یەکەمدا، پێشبینیی گەشەی داواکاری بۆ ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمکردەوە (لە کاتێکدا لە ئابدا ٤٠٠ هەزار بەرمیل بوو). بەمەش لە مانگی نیسانەوە تا ئێستا پێشبینی داواکاری بە بڕی ١.٢ ملیۆن بەرمیل کەمکراوەتەوە.
بەڵام بۆ ساڵی ٢٠٢٧، ئۆپێک گەشەی داواکاری بەرزکردووەتەوە بۆ ٢.٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەوپێیەی پێشبینی دەکات لەگەڵ ڕەواندنەوەی ئاستەنگەکانی دابینکردن، بەکاربردنی جیهانی ڕوو لە بووژانەوە بکان.
چاوەڕوانییەکان بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو:
سەرنجی بازرگانان و وەبەرهێنەران لەسەر کۆبوونەوەی وەزاریی تەواوی هاوپەیمانی “ئۆپێک پڵەس”ە لە ٢٩ی تشرینی دووەمی داهاتوو، کە تێیدا بڕیاری کۆتایی لەسەر سیاسەتی بەرهەمهێنانی ساڵی ٢٠٢٧ دەدرێت و چارەنووسی بڕی ٢ ملیۆن بەرمیل کەمکردنەوەی ڕۆژانە یەکلایی دەکرێتەوە.