روونبین Roonbeen
بە سەرپەرشتيی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو ڕێککەوتننامەى گرنگ لە بواری وزە لە واشنتن واژۆ دەکرێن.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 5/19، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی دوو ڕێککەوتننامە لە بواری وزەدا دەکات.
هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی ئێچ کەی ئێن ئەنەرجی HKN Energy و وێستێرن زاگرۆس WesternZagros، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ دەکەن. بەپێی ڕاگەیاندنی حکومەتی هەرێم, گرێبەستەکان بەهاکەیان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.
هەروەها کۆمپانیای ئێچ کەی ئێنی ئەمەریکی HKN Energy ڕایگەیاند کە هەردوو وەبەرهێن کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن HKN Energy و ONEX Group بۆ پەرەپێدانی کێڵگەیەکی گەورەی غاز لە کوردستان، کۆمپانیای میران ئینێرجی دادەمەزرێنن
لە بەیاننامەیەکدا کۆمپانیاکە دوێنێ ، ١٨ی ئایاری ٢٠٢٥- کۆمپانیای HKN Energy و گروپی ONEX رایگەیاند: بە شانازییەوە واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی پابەندکەر لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی غازی میران لە ڕێگەی کۆمپانیای هاوبەشی نوێی، میران ئینێرجی، ڕادەگەیەنن.
کێڵگەی غازی میران دەکەوێتە هەرێمی کوردستانی عێراق و مەزەندە دەکرێت نزیکەی ٨ ترلیۆن پێ سێجا ستانداردی غازی سروشتی لەخۆبگرێت. ئەم ڕێکەوتنە ڕێگە خۆش دەکات بۆ پەرەپێدانی قۆناغبەندی بوارەکە، کە توانای بەدەستهێنانی زیاتر لە ٤٠ ملیار دۆلاری بەهای درێژخایەنی هەیە.
ڕوسیل فریمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای HKN Energy دەڵێت: “ئەم ڕێکەوتنە دەستکەوتێکی گەورەیە نەک تەنها بۆ دوو کۆمپانیاکەمان، بەڵکو بۆ داهاتووی وزە لە ناوچەکەشدا.” ئاماژەی بەوەشکرد: لەڕێگەی میران ئینێرجیەوە تواناکانی HKN و ONEX تێکەڵ دەکەین بۆ پەرەپێدانی یەکێک لە گرنگترین سەرچاوە ستراتیژییەکانی غازی هەرێم بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە.
پەرەپێدانەکە بە قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ پلانی دابینکردنی غاز بۆ بازاڕی ناوخۆیی، پاڵپشتیکردنی پێداویستییەکانی وزەی هەرێم و گەشەی ئابووری درێژخایەن، هەروەها دابینکردنی خواستی ئەگەری لە ناوچەکانی دراوسێ. یەدەگی گەورەی کێڵگەی میران توخمێکی سەرەکییە لە بەرزکردنەوەی ئاسایشی وزەی درێژخایەنی ناوچەکە. ئەم دەستپێشخەرییە جەخت لەسەر هاوکاری بەهێزی نێوان وەبەرهێنەرانی ئەمریکی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بۆ ئیستغلالکردنی توانای وزەی هەرێم.
دەربارەی میران ئینێرجی
کۆمپانیای میران ئینێرجی کۆمپانیایەکی نوێی هاوبەشی نێوان کۆمپانیای HKN Energy و گروپی ONEX یە، کە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی غازی میران بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە. ئێچ کەی ئێن دەڵێت “پڕۆژەکە شارەزایی تەکنیکی قووڵ لەگەڵ ڕێبازێکی وەبەرهێنانی درێژخایەن تێکەڵ دەکات بۆ گەیاندنی چارەسەری وزەی بەردەوام.”
دەربارەی HKN Energy
کۆمپانیای HKN Energy کۆمپانیایەکی ئەمەریکی سەربەخۆی وزەیە و گرنگی بە گەڕان و پەرەپێدانی سەرچاوەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەدات. لە هەرێمی کوردستان لە دوو کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ و ئەتروش خاوەن پشکە.
دەربارەی کۆمپانیای ئۆنێکس هۆڵدینگ
ئۆنێکس کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی هەمەچەشنە و بەرژەوەندی ستراتیژی لە کەرتەکانی وزە و ژێرخانی گرنگ و گەشەپێدان لە سەرانسەری ناوچەکانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا (EMEA) هەیە.
کێڵگەی میران
کێڵگەی گازی میران دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری سلێمانییەوە، ڕووبەری گرێبەستی میران 293 میل چوارگۆشەیە و یەدەگی گازی سروشتی مەزەندە دەکرێت بە ٦.٨ بۆ ٩.١ تریلیۆن پێ سێجا (نزیکەی لە نێوان ١٩٢ بۆ ٢٥٧ ملیار مەتر سێجا) غازی سروشتی و 95 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە.
ئەم کێڵگەیە لەگەڵ کێڵگەی بنە باوێ دووو کێڵگەی گازین کە پێشتر کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی وەبەرهێنانی تێدا دەکرد و پاشان لەساڵی ٢٠٢١ دا حکومەتی هەرێم کێڵگەکەی لە کۆمپانیاکە وەرگرتەوە و داوای دژی گنێڵ ئەنێرجی تۆمارکرد لە دادگای نێوبژیوانی لەندەن و داوای قەرەبووی لە کۆمپانیاکە دەکرد
لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ دا ، کۆمپانیای گێنێڵ ئەنێرجی ، (گێنێل ئینێرجی میران بینا باوی لیمیتەد)، دۆسیەیەکی ناوبژیوانی دۆڕان کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەسەری تۆمارکرابوو، سەبارەت بە مافی حکومەتی هەرێم بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان بۆ کێڵگەکانی میران و بینا باوی. بەپێی ئەم ڕاگەیاندنەی ئەمڕۆ کێڵگەی میران دراوە بە ئێچ کەی ئێن و ئۆنێکس هۆلدینگ وەبەرهێنانی تێدا دەکەن و کێڵگەی بنەباوی هێشتاموە کە گرێبەستی بۆ بکرێت کە ئەوێش کێڵگەیەکی گەورەی گازی ترە.
کێڵگەی تۆپخانە:
کۆمپانیای وێستەرن زاگرۆس رایدەگەیەنێت گرێبەستی کێڵگەی تۆپخانەی پێ بەخشرا، بۆ پەرەپێدانی ئاسایشی وزە و گەشەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.
کۆمپانیای وێستەرن زاگرۆس کە کۆمپانیایەکی تایبەتی ئەمریکیە بۆ گەڕان و بەرهەمهێنان کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاردەکات، ئەمڕۆ ١٩ی ئایاری ٢٠٢٥ رایگەیاند کە “بە شانازییەوە دەستخستنی گرێبەستی کێڵگەی تۆپخانە کە دەوڵەمەندە بە سەرچاوەکان ڕادەگەیەنێت.”
کۆمپانیاکە دەڵیت ئەم ڕێککەوتنە خاڵی جیاکەرەوەیە لەهەرێمی کوردستان بۆ ئاسایشی وزە و فراوانکردنی و بەشدار دەبێت لە پلانەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ ملیۆنان هاوڵاتی.
یەدەگی کێڵگەی یەکگرتووی تۆپخانە-کوردمیر مەزەندە دەکرێت تا ٥ ترلیۆن پێ سێجا ستاندارد و ٩٠٠ ملیۆن بەرمیل غازی سروشتی و نەوتی خاوبێت کە دەتوانرێت دەربهێنرێت. ئەم پڕۆژەیە لە ڕێگەی قۆناغەکانی گەشەپێدانەوە، پێشبینی دەکرێت داهاتی بەدەستهاتوو لە هەموو ماوەی تەمەنی کێڵگەکەدا مەزەندە دەکرێت بە نزیکەی ٧٠ ملیار دۆلار .
تۆفیق شاهین، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری وێستێرن زاگرۆس ڕایگەیاند “گەشەپێدانی کێڵگەی تۆپخانە، بە هاوبەشی لەگەڵ کێڵگەی کۆردەمیری تەنیشتی، کە خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی لەلایەن وێستەرن زاگرۆسەوەیە، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دەستەبەرکردنی کارەبای ٢٤/٧ بۆ ملیۆنان هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان، و لە درێژخایەندا بۆ بازاڕی فراوانتری عێراق و ناوچەکە.
هەروەها دەڵێت ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجەکانی ئاسایشی وزەی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبات و هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژییە نیشتمانییە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێم بۆ سەقامگیری و پشتبەستن بەخۆ. هەروەها ڕێککەوتنەکە مۆدێلێکە بۆ هاریکاری بازرگانی نێوان کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پاڵپشتی حکومەتی ئەمریکا.
سەبارەت بە کێڵگەی کوردەمیرو تۆپخانە:
بەهۆی بەرەوپێش نەچوونی کارەکانی و بێ هیوایی ساڵی ٢٠١٩ کۆمپانیای ریپسۆڵ وازی لە کێڵگەی کوردەمیر هێنا و پاشتریش لە کێڵگەی تۆپخانە کشایەوە ، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری کرد لەوەی پشکەکانی ریپسۆل بە کۆمپانیای دینا ستی کە کۆمپانیایەکی خۆماڵی یە بفرۆشێت.ئێستا وێسترۆن زاگرۆس پشکەکانی ریپسۆڵی هەیە. بە پەسەندکردنی پلانی پەرەپێدانی کێڵگەی کوردەمیر بەرەپێش چوون دەستی پێکردووە.
کوردەمیر دووەمین کێڵگەیە کە وێستێرن زاگرۆس سەرمایە گوزاری تێدا دەکات لەپاڵ کوردەمیردا وێستێرنزاگرۆس پشکی ٤٠٪ی بلۆکی گەرمیانی هەیە کە کێڵگەی سەرقەڵا ٩ هەزار بەرمیل نەوتی سوک بەرهەم دەهێنێت ( ئەی پی ئای ٤١ﹾ یە).
ئامانجی قۆناغەکە
وێستێرن زاگرۆس Western Zagrosدەڵێت لە گەڵ کڕینی پشکەکانی ریپسۆڵ لە ساڵی ٢٠١٩ دا وتۆێژمان لەسەر پلانی پەرەپێدانی کێڵگەکە لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا دەست پێکردووە و لە ساڵی ٢٠٢١دا ڕەزامەندی لەسەر پلانەکە وەرگیرا. کۆمپانیاکە پلانی هەیە بەقۆناغبەندی پەرەپێدان لەکێڵگەکەدا بکات. ئامانجیانە لە قۆناغی یەکەمدا ١٥ هەزار بەرمیل نەوتی سوک بەرهەم بهێنن کە ئەی پی ئای ٣٩ﹾ دەبێت و هەروەها رۆژانە بڕی ٧٥ ملیۆن پێ سێجا گازی کەم گۆگرد بەرهەم بهێنن. پشکی گازەکە لە کوردەمیر بەهەمان ئەندازەیە کە لە پلانە هاوبەشەکەی کوردەمیر/تۆپخانەدا هەبوو.
کێڵگەی کوردەمیر کێڵگەیەکی گەورەیە بە پێی هەڵسەنگاندنەکانی وێستێرن زاگرۆس دەتوانرێت بڕی ١.٨ ترلیۆن پێ سێجا گازی لێ بەرهەم بێت و بڕی ٤٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوتیش. کێڵگەکە لە توانایدا بەرهەمی لە ئایندەدا بگاتە زیاتر لە ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەڵام بە بێ بەستنەوەی راستەوخۆی بە بۆرییەوە کارێکی ئەستەمە. هەروەها کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس دەڵێت ” بەرهەمهێنانی بەردەوام دۆزینەوەی گەورەی کوردەمیر ، پێویستی بەوەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری زۆر دەبێت لەپرۆسەکردن و ژێرخانی هێڵی گواستنەوەدا”.
سەبارەت بە گاز پێشتر وێستێرن زاگرۆس پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە دەتوانرێت کە بەرهەمەکەی بگوازرێتەوە بۆ ویستگەی وزەی چەمچەماڵ کە توانای ١.٥ گیگا واتی هەیە. بەڵام لە ئێستادا دەرچەی گاز کارێکی پێویست نییە چونکە بەرهەم لەسەرەتاوە کەم دەبێت.
بەپێی ڕاگەیاندنی هەردوو کۆمپانیا ئەمریکییەکە داهاتی بەدەستهاتوو لەو دوو ناوچەی گرێبەستە بە ١١٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت لە هەموو ماوەی تەمەنی کێڵگەکاندا.