عێراق ئامانجیەتی لە بودجەی ٢٠٢٧دا داهاتە نانەوتییەکان بۆ ١٩٪ بەرز بکاتەوە
عێراق ئامادەکردنی ڕەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ی تەواو کرد، کە تێیدا ئامانج لێی بەرزکردنەوەی پشکی داهاتە نانەوتییەکانە بۆ لانیکەم ١٩٪، بە بەراورد بە کەمتر لە ١١٪ پێش ساڵی ٢٠٢٦؛ ئەمەش بەپێی ئەوەی ئاژانسی هەواڵی عێراقی “واع” بڵاویکردووەتەوە.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەت ڕایگەیاند، ڕەشنووسەکە سەرچاوەی نوێی دابینکردنی دارایی لەخۆدەگرێت، کە دیارترینیان پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” و “سندووقی نەوەکان”ـە، هاوشانی گرتنەبەری ڕێکارەکان بۆ بەهێزکردنی داهاتی باج و بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنوورییەکان.
ناوبراو ئاماژەی بە بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەبارەت بە داهاتە نەوتییەکان کرد و ڕوونیکردەوە، بودجەکە بڕی لانیکەم ٤٤٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی دیاریکردووە، لە کاتێکدا هەرێم جەخت دەکاتەوە کە بەرهەمهێنانەکەی لەو بڕە کەمترە، ئەمەش پێچەوانەی خەمڵاندنەکانی حکومەتی فیدراڵییە.