وەزیری نەوت دەستپێکردنەوەی ناردنی نەوتی خاوی لە ڕێگەی هێڵی بۆریی کۆنی عێراق – تورکیا دوای ١٢ ساڵ وەستان ڕاگەیاند

هێڵی بۆری کەرکوک- جەیهان 2026-11-17 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

ئەندازیار باسم محەمەد خزەیر عەبادی، وەزیری نەوت، ئەمڕۆ سێشەممە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی خاوی لە وێستگەی (IT1A) بەرەو هێڵی عێراق – تورکیا لە ڕێگەی بۆریی تیرە (٤٦) ئینجەوە تا وێستگەی پێوانەکردن (MS) ڕاگەیاند، ئەمەش دوای وەستانێک کە ماوەی (١٢) ساڵی خایاند.

باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوت، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) کەوتووە، ڕایگەیاند: “هەناردەکردنەوەی نەوتی خاو بە مەبەستی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری کۆنی عێراق–تورکیا دەستیپێکردووەتەوە، بە توانای هەناردەکردنی سەرەتایی (١٢٠) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش دوای تەواوبوونی کارەکانی چاککردنەوە، نۆژەنکردنەوە و پشکنینە هونەری و کارپێکردنەکان بە سەرکەوتوویی، بە هەوڵ و بەدواداچوونی بەردەوامی وەزارەتی نەوت و کادیرە هونەری و ئەندازیارییەکانی”، جەختیشی کردەوە لەسەر “بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردن بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ تا دەگاتە (٥٠٠) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا”.

ئاماژەی بەوەشکردووە: “ئەم دەستکەوتە هەنگاوێکی ستراتیژیی گرنگە لە بەهێزکردنی توانای هەناردەکردنی عێراق و هەمەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاو، سەرەڕای بەدەستهێنانی داهاتی دارایی زیاتر بۆ ئابووریی نیشتمانی، بەتایبەتی کە هەناردەکردن لە ڕێگەی دەروازەی باکوورەوە ڕێگە دەدات بە بەبازاڕکردنی نەوتی خاو بەبێ داشکاندنی نرخ”

وەزیری نەوت ڕایگەیاند: “ئەم دەستکەوتە بەرهەمی هەوڵە دڵسۆزانەکان و شارەزایی تەکنیکیی کادرە نیشتمانییەکانە لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، کۆمپانیای پڕۆژە نەوتییەکان و پێکهاتە پاڵپشتەکانی دیکەی وەزارەت، کە بە دەستوبازووی عێراقی سەرکەوتوو بوون لە دووبارە بەگەڕخستنەوەی ئەم ڕێڕەوە نەوتییە، بە جۆرێک کە تواناکانی کۆمپانیاکە لە سیستەمی گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوتی خاودا بەهێزتر دەکات”.


بابەتە هاوپۆلەکان

هیچ هاوبەشیك نەدۆزرایەوە.